شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت پێم خۆشە کە بێگانە نەزانێ بە فەراسەت سەد جار کە بە ڕووی ترش و قسەی سەردێ دەرم کەی ھەر دێمەوە وەک مێشێ بە ھەنگوینی ھەناسەت ھەرچەند کە لەبەر قاپییەکەت خوار و زەلیلم نایدەم بە ھەموو ڕوتبەیی شاھان و ڕیئاسەت بڕوانە زەوی، سینە ھەموو نەخلی ئومیدە بێ حاسڵە ڕۆژێ نەبووە جێگە پیاسەت ناکاو دەسی نایە سەر چاوم و یەعنی من کێم و ئەزانم بە دەسی نەرم و ھەناسەت عومرێکە گلاراومە شەو تاکوو بەیانی خاوم بزڕێنێ بە زڕەی تاس و ھەیاسەت دوا گیانمە ئاخر نەفەسە و تۆ بی و مەولات دەم بێنە دەمم بیکەمە قوربانی ھەناسەت عومرێکە لیباسی غەمی دووریتە لەبەرما گۆڕین و دڕینی نییە ئەم کۆنە کراسەت سینەم بە سروشک ئاوڕشین کرد و نەھاتی فەرموو کەڕەتێ، فێنکە بۆ جێگە پیاسەت کەوتوومە لەبەر قاپییەکەی تۆ کەڕ و کاسم جارێ گوزەرێ ناخەیە سەر ئەم کەڕ و کاسەت خەڵکی گەنمی دوورییەوە جۆ چووە خەرمان تۆ ھەر لە پەرێز مایتەوە تف و لەو دەس و داسەت ھەر دێتەوە سوێ زامی دڵی سابیری قوربان ئارام و سەبووری نییە سووتاوە لە تاسەت حەسرەت لە دڵم ما کە شەوێ بێی و لە خەودا سابیر بەخەبەر بێ لە زڕەی تاس و ھەیاسەت ++++++++++++++++++++++