ئەی موسوڵمانان بڵێن بەو دوڵبەرە بۆچ وا دەکا؟
تورفەتولعەینێ ھەزاران فیتنەھا بەرپا دەکا
قەسدی خوێنی بێ گوناھان بۆچ دەکا ڕۆژێ ھەزار
دەست و خەنجەر غەرقی خوێنە و سوور بە سوور حاشا دەکا
ھێندە بێ ڕەحمە لە عەینولفیعلی قەتڵی بێ خەتا
عالەمێ غەوغا دەکا ئەو خەندەیی قاقا دەکا
ڕەحم و ئینسافی نییە دەرحەق بە مسکین و فەقیر
ھیچ نە شەرمێ ئەو لە شێخ و یا لە شاھەنشا دەکا
چۆن نەترسم موفتی و قازی کە چوون بۆ خزمەتی
با قەڵەم مەیلی لەسەر چ شتێکە ئیستیفتا دەکا
تێدەگا بۆ لەرز و تا، عەننابی لێوی شافییە
بۆیە لێوی خۆی گەزیوە دەست و پەنجەی وا دەکا
چوومە کن نەوعی ئەتیببا بۆ عیلاجی لەرز و تا
جوملە فەرموویان کە ھەر عەننابە دەفعی تا دەکا
شەو بە ھێواشی وتی: مەگری بە دایم ئاشکار
ئیش و کاری عاشقی لازم بە ئیستیخفا دەکا
سەد فیغانم کرد و لێی پاڕامەوە سوودی نەبوو
وەرنە سەیری جەوری ئەم سوڵتانە ئیستیغنا دەکا
شەرق و غەربی ئیستیلا کرد و نەما نەوعی بەشەر
زاھیرەن عەزمی گرووھی عالەمی باڵا دەکا
سابیری کێیە لە بەحسی خەت و خاڵی دەم بدا؟
جارجارێ شیبھی شانە زولفەکەی تاتا دەکا