ئەی لە چۆلی غەفڵەتا ھەر ڕەوکەوانی چارەوا
ڕۆژ و شەو ویردی زوبانت ئەم بەرخە وا ئەو کارە وا
ئەسڵ و نەسڵی خۆت بزانە ھات و چوونت تێبگە
بابەگەورەت حەزرەتی ئادەم سەفا داکت حەوا
خالقت کێیە ئیتاعەی پێ بکەی ئەی بێ خەبەر
حەیفە لەو عاسی ئەبی کەوتوویە دووی نەفس و ھەوا
خەوفی مەولا بێنە دڵ ئەی غافڵی بێ عەقڵ و ھۆش
تا نەبی ڕۆژی قیامەت تووشی دەردی بێ دەوا
ئەلبیسەی تەقوا لەبەرکە سوننەتی پێغەمبەرە
پیاوی دانا دینی دانانێ لەسەر نان و کەوا
تەسوییەی ڕێی خاس و عام و تەرکی ڕێگەی دین ئەکەی
ئەی مھەندیس ئەی تەریقی خاس و عام و پێشەوا
تەسوییەی خاشاکی ڕێگەی دین نەکەی بێ حاسڵە
خۆ بە بەیداغ و عەلەم نابی بە شێخ و پێشەوا
سابیری تۆ تەسوییەی ڕێی دینی خۆت ناکەی، ئەڵێی
ئەم مەلا و شێخە وەھا ئەو جاھیل و دەروێشە وا
سابیری وا چاکە تا ماوی لە دونیا عومری خۆت
سەرفی مەولا کەی لەمەولا، تەرکی ماڵ و ماسیوا