شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەی لە چۆلی غەفڵەتا ھەر ڕەوکەوانی چارەوا ئەی لە چۆلی غەفڵەتا ھەر ڕەوکەوانی چارەوا ڕۆژ و شەو ویردی زوبانت ئەم بەرخە وا ئەو کارە وا ئەسڵ و نەسڵی خۆت بزانە ھات و چوونت تێبگە بابەگەورەت حەزرەتی ئادەم سەفا داکت حەوا خالقت کێیە ئیتاعەی پێ بکەی ئەی بێ خەبەر حەیفە لەو عاسی ئەبی کەوتوویە دووی نەفس و ھەوا خەوفی مەولا بێنە دڵ ئەی غافڵی بێ عەقڵ و ھۆش تا نەبی ڕۆژی قیامەت تووشی دەردی بێ دەوا ئەلبیسەی تەقوا لەبەرکە سوننەتی پێغەمبەرە پیاوی دانا دینی دانانێ لەسەر نان و کەوا تەسوییەی ڕێی خاس و عام و تەرکی ڕێگەی دین ئەکەی ئەی مھەندیس ئەی تەریقی خاس و عام و پێشەوا تەسوییەی خاشاکی ڕێگەی دین نەکەی بێ حاسڵە خۆ بە بەیداغ و عەلەم نابی بە شێخ و پێشەوا سابیری تۆ تەسوییەی ڕێی دینی خۆت ناکەی، ئەڵێی ئەم مەلا و شێخە وەھا ئەو جاھیل و دەروێشە وا سابیری وا چاکە تا ماوی لە دونیا عومری خۆت سەرفی مەولا کەی لەمەولا، تەرکی ماڵ و ماسیوا ++++++++++++++++++++++