ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٧٣. ھەرچەندە قسەی شێخ و مەلا حیکمەت و پەندە
ھەرچەندە قسەی شێخ و مەلا حیکمەت و پەندە
یاساغە لە کن تورک زوبان و ھەمەوەندە
ھەرچەندە دوڕ و گەوھەرە گوفتاری مەشایخ
دێوانە شعووری نییە میسقاڵی بەچەندە
دەردێ کە نیشانەی ئەجەلی پێوە چ جێگەی
تەرکیبی مەعاجین و شەراب و گوڵ و قەندە؟
ھەرکەس کە بریندارە بە شمشێری ئەحباء
داروویی ئەتیبا بە جەڕاحاتی گوزەندە
کارێکی بە من کردووە ئەو شۆخە بە ئەبرۆ
نەیدیوە کەس ئەم زامە لە شمشێری بڕەندە
بازاڕی نەبات و شەکەری میسری شکاوە
لەو شوێنە کە غونچەی دەمی ھێناوە بە خەندە
ھەرچەندە کە ئەو خوسرەوە ئازاری دڵی دام
گشتی بە دڵی سابیری شیرین و پەسەندە

پەراوێز edit