شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ھەرچەندە قسەی شێخ و مەلا حیکمەت و پەندە ھەرچەندە قسەی شێخ و مەلا حیکمەت و پەندە یاساغە لە کن تورک زوبان و ھەمەوەندە ھەرچەندە دوڕ و گەوھەرە گوفتاری مەشایخ دێوانە شعووری نییە میسقاڵی بەچەندە دەردێ کە نیشانەی ئەجەلی پێوە چ جێگەی تەرکیبی مەعاجین و شەراب و گوڵ و قەندە؟ ھەرکەس کە بریندارە بە شمشێری ئەحباء داروویی ئەتیبا بە جەڕاحاتی گوزەندە کارێکی بە من کردووە ئەو شۆخە بە ئەبرۆ نەیدیوە کەس ئەم زامە لە شمشێری بڕەندە بازاڕی نەبات و شەکەری میسری شکاوە لەو شوێنە کە غونچەی دەمی ھێناوە بە خەندە ھەرچەندە کە ئەو خوسرەوە ئازاری دڵی دام گشتی بە دڵی سابیری شیرین و پەسەندە ++++++++++++++++++++++