ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٥٦. جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەھارە
جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەھارە
وادەی گوڵ و بادەی مول و ناڵینی ھوزارە
تا مەددی نەزەر سەبزە و گوڵزارە سەراسەر
نوورین و موعەتتەر بە ڕوخ و زولفی نیگارە
ئەحباب ھەموو جەمعە لەبن سێبەری دارا
سەحرایە تەماشایە لەبۆ جوی و کەنارە
مەعشووقە بە کامی دڵە المنةلله
خوسرەو کە ئەڵێن، نەیبووە ئەم بووس و کەنارە
عاشق دڵی وەک مەجمەرە پڕ ئاگر و پشکۆ
مەجنوون سیفەت و بێ خەبەر و سەبر و قەرارە
ساقی وەرە ئاوێ بەسەر ئەم ئاگرەدا کە
ڕۆحم بە فیدای گەردوشی ئەم چاوە خومارە
ڕیشەی دڵ و جەرگم بە غەم و غەمزە بە جارێ
دەرھاتووە بۆم تێکە شەرابێکی دووبارە
لەو ئاوە کە تریاکە ئەبا زەھری غەمی دڵ
لەو ئاوە کە وا مەسقەلی ئەکدار و غوبارە
دەرمانی غەم و دەردی دڵن ساقی و موتریب
خۆزگەم بە کەسێ مەی لە یەمین نەی لە یەسارە
ئازا بە، بە خۆڕایی نەچێ عومری عەزیزت
بێ ساقی و مەی، موتریب و نەی سەرفی خەسارە
مشتێکە نموونەی غەمی دڵ دێنمە دەفتەر
وەرنە غەمی سابیر بە عەمار و بە تەغارە

پەراوێز edit