ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٥٧. حیکمەتی دەرکەوتن و ون بوونی خۆر و شەبپەرە
حیکمەتی دەرکەوتن و ون بوونی خۆر و شەبپەرە
ئەم خوداپێداوە، ئەو بێ تالع و ئاخر شەڕە
تاج و تەخت و نیعمەتی بەخشی بە پاشا زولجەلال
شەو لە برسا ناخەوێ دەروێشی بێ لێفە و بەڕە
داری توو ھەردوو بە یەک ئاب و زەمینێ سەوز ئەبێ
داری تۆ بەردار و خۆ بەر داری ئێمە تووی زڕە
ھەردوو ھەنجیرن ئەگەر کێویلە گەر ھەنجیری باغ
ناوی شاھەنجیرە باغی ئەو تریش کێوی و کەڕە
مەڕمەڕم دی بێ گوناھ وەستا فڕێی دایە خەلا
مینەر و میحڕابی مزگەوتیش ئەکا لەو مەڕمەڕە
باز بە ناز گۆشتی قەڵەو ئەخوا بە دەستی شاھەوە
پاشماوەی گورگ و سەگ خۆراکی زاغ و سەرگەڕە
ئەھلی دین حەرفی جەڕە شەیتان کە بەو مەجڕووڕ ئەبێ
حەسرەتا ئێستا کە تۆ مەجڕووڕی ئەو حەرفی جەڕە
دڵ کە حەوزی فیکری خوا زیکری زوبانە جۆگەلەی
حەیفە بۆتە جێ گەلە، زیکریش ھەموو بزن و مەڕە
دڵ کە حەوزی ڕەحمەتە زیکری زوبانە جۆگەلەی
دڵ کە بۆتە جێی گەلە زیکری زوبان بزن و مەڕە
ئەو خوداناسانە وا تەوعیزی ئەجناسیان دەکرد
ئەکسەری ئەولادییان ئێستاکە زۆر ناباوەڕە
يا الهي فتحي بابي نیمە تابی سێ عەدوو
ئەووەلەن مەندووب و سانی جۆرج و سالس مێجەرە
حەق تەعالا حەزرەتی نووحی لە تۆفان دا نەجات
غەرق ئەبێ وەک پسەری، بێ شک کەسێ ناباوەڕە
نەوعی لوقمان و ئەرەستوو بۆ عیلاجم مات ئەبێ
تۆ دەڵێی پوستەی عەسەل دەرمانی بەرگ و پارە
عەشق نازانێ وجوودی ئاگر و تۆفانی چەرخ
ئەی برادەر گەر بە ئیبڕاھیم و نووحت باوەڕە
قەت غەمی مەرگت نییە ھەر ھەوڵی نان و بەرگتە
عومری گەنجی تێپەڕی، تێپەڕ نەبووی لەم لاپەڕە
شەو تەواوبوو سابیری گریانی تۆ نەبڕایەوە
ھەڵسە وەختی بانگ و نوێژە بۆ جەماعەت ڕاپەڕە!

پەراوێز edit