حەبیبا نووری ڕوخسارت لەباتی بەرگ و نیعمەتمە
تەبیبا چاوی بیمارت دوایی دەرد و عیللەتمە
ئەگەرچی خار و سووتاوم لەبەر چاوت بیحەمدیللا
ھەموو عالەم دەزانێ مایەیی فەخر و سەعادەتمە
لە شمشێری برۆت ترسم نییە سەدجار نیشانم دەی
لە ڕیشەی جەرگ و دڵ کالانی ئەو شمشێرە سەنعەتمە
بە شمشێری برۆ گەر بمکوژی یا تیری موژگانت
مەداری ئیفتیخارە ھەم سەعادەت ھەم شەھادەتمە
لەبەر خورشیدی حوسنت دائیمەن وەک زەڕڕە ڕەقسانم
لە شەودا ھەروەکوو پەروانە خۆ سووتانن عادەتمە
بە نووری حوسنی سەرتاپا وجوودم گەر بسووتێنێ
کە بمھاڕێتەوە وەک کل بەسەر جێگایی عیززەتمە
لەھەر شوێنێ کە دانیشتی بەھەشت و حۆری پەیدایە
دەمێ ون بی لەبەر چاوم وەکوو ڕۆژی قیامەتمە
کە یووسف ھاتە نێو بازاڕ ھەمووکەس تالیب و کڕیار
منم بێ دەرھەم و دینار، غەزەلخوانی بەزاعەتمە
بە بێ حیکمەت نییە سابیر وەکوو قەیسی بەنی عامیر
بە ڕۆژ والشمسە ئەورادم، بە شەو واليل تاعەتمە