شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەھارە جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەھارە وادەی گوڵ و بادەی مول و ناڵینی ھوزارە تا مەددی نەزەر سەبزە و گوڵزارە سەراسەر نوورین و موعەتتەر بە ڕوخ و زولفی نیگارە ئەحباب ھەموو جەمعە لەبن سێبەری دارا سەحرایە تەماشایە لەبۆ جوی و کەنارە مەعشووقە بە کامی دڵە المنةلله خوسرەو کە ئەڵێن، نەیبووە ئەم بووس و کەنارە عاشق دڵی وەک مەجمەرە پڕ ئاگر و پشکۆ مەجنوون سیفەت و بێ خەبەر و سەبر و قەرارە ساقی وەرە ئاوێ بەسەر ئەم ئاگرەدا کە ڕۆحم بە فیدای گەردوشی ئەم چاوە خومارە ڕیشەی دڵ و جەرگم بە غەم و غەمزە بە جارێ دەرھاتووە بۆم تێکە شەرابێکی دووبارە لەو ئاوە کە تریاکە ئەبا زەھری غەمی دڵ لەو ئاوە کە وا مەسقەلی ئەکدار و غوبارە دەرمانی غەم و دەردی دڵن ساقی و موتریب خۆزگەم بە کەسێ مەی لە یەمین نەی لە یەسارە ئازا بە، بە خۆڕایی نەچێ عومری عەزیزت بێ ساقی و مەی، موتریب و نەی سەرفی خەسارە مشتێکە نموونەی غەمی دڵ دێنمە دەفتەر وەرنە غەمی سابیر بە عەمار و بە تەغارە ++++++++++++++++++++++