ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٥٥. تەماشا کە دڵی تەنگم مەقالەی ئاتەشینێکە
تەماشا کە دڵی تەنگم مەقالەی ئاتەشینێکە
مەچۆ نێوی وەرە سەر چاوەکانم شانشینێکە
بترسە ئاگری ئاھم بگاتە خەرمەنی حوسنت
ئەگەرچی خۆر لە خورشیدی جەماڵت خۆشەچینێکە
مەحاڵە عەندەلیبی دڵ بکا تەرکی گوڵی حوسنت
چ دەربەستە نیھایەت مەرتەبەی ھەر سەربڕینێکە
بریندارانی ئەتڕافت پەنایان بردە ئینسافت
بە حەقی ڕوومەتی سافت تەماشایی برینێکە
دەبێ کەی دەرکەوێ ڕوخساری شیرینت بکەم شوڕای
بە عالەمدا؟ بڵێن ئەڵبەت ئەمیش فەرھادی چینێکە
دەڵێن ڕەحم و وەفاداری نەتیجەی حوسنی ئەخلاقە
لە کن دەورانی چاوی تۆ وەفا قاتە چ دینێکە؟
لە دووریی چاوەکانت سابیری یەکجار پەرێشانە
بەچاوی تۆ ھەمیشە چاوەڕێی یاسین و شینێکە

پەراوێز edit