ئەو دولبەرە قەد عەرعەرە ئەو ڕوو گوڵەباغە
ئارامی دڵ و جان و فەرەحبەخشی دەماغە
ھەر وەختە دەرێن دیدە و دڵ ھەردوو بەجارێ
بۆ ڕوویی گوڵ و زەنجی وەکوو سێوی مەراغە
ھاوارە بە شمشێری برۆ جەرگی بڕیوم
چاوت بە ئیشارەت دڵی ھێنا لە بناغە
ئەم ماتەم و گریانە کە بۆتە مەرەزی عام
تێفکرە ھەموو قوڕبەسەر و سینە بە داغە
یا ڕەببی لە ئافاتی بپارێزێ بە جاھی
ئەو زاتە کە سوڵتانە لەسەر تەختی بەلاغە
تا دێری زەمان جەننەتی ڕوخساری بمێنێ
سەد ناوی خودا چەند بە سروور و بە دەماغە
سابیر لەدەس ئەو شەودزە دەرچوونی مەحاڵە
شەو خانەبڕ و تەڕدەس و خاوانی چراغە