ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٤٢. یا تەبیبی ئینتیزارم ئیتیسالت کەی دەبێ
یا تەبیبی ئینتیزارم ئیتیسالت کەی دەبێ؟
زەھری دووری کوشتمی شەھد و ویسالت کەی دەبێ؟
شەککەر و گوڵ پێکەوە تەسکینی دەردی دڵ ئەدا
ڕۆحەکەم ماچ و جنێوی لێوی ئاڵت کەی دەبێ؟
لەم شەوی دەیجوورە ھیجر و حاڵی سەرگەردانییە
پەڕتەوی خورشیدی حوسنی بێ میسالت کەی دەبێ؟
شیوەنی شامی فیراقت بۆتە خۆراک و خەوم
ئینتیزارم جەژنەکەی سوبحی ویسالت کەی دەبێ؟
بۆ گرووھی ڕووت و قووتی تالیبی موحتاجی ڕووت
حاسڵاتی عوشری خەرمانی جەماڵت کەی دەبێ؟
بۆ مەزەی مەستانی چاوت میوەھاتی باغی ڕووت
نەوبەرەی عیناب و سێو و پوڕتەقاڵت کەی دەبێ؟
موددەتێکە تەیری دڵ حەپس و ئەسیرە بێ خەتا
ڕەستگاری داوی زولف و دانە خاڵت کەی دەبێ؟
دڵ بەداغ و ئینتیزارم دائیمەن دەستەودوعا
تۆ لە نێو جەمعی ڕەفیقان ئینفیسالت کەی دەبێ؟
بێ بەڵا بی وەعدەکانت سەد یەکی نایێتە جێ
ڕۆحەکەم بڕوا بە پەیمانی بەتاڵت کەی دەبێ؟
سابیری باری جەفا ڕاکێشە بێ دەنگ و خەمۆش
تا جەفاکێش و ڕەزابی قیل و قاڵت کەی دەبێ؟

پەراوێز edit