ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٩٠. سڵاوێکی پڕ مانا
سڵاو بۆ خاکی کوردستان و خەڵکی زیت و وشیاری
سڵاو بۆ کوردەواری، بۆ تەواوی ئەهلی دێ و شاری

سڵاو بۆ نیشتمانی جوان و شاخی بەرز و بەفرینی
سڵاو بۆ بەندەنی بژوێن و کانی ساف و سازگاری

سڵاو بۆ قەڵبەزەی ئاوی تەلان و ڕژد و هەڵدێری
لە بنیا زیخ و چەو، دەنوێنێ وەک یاقووت و مرواری

سڵاو بۆ دیمەنی تەرزی چیای زەنوێر و سەرسەوزی
سڵاو بۆ شیو و دۆڵ و ڕستەتاوڵ و چیغی مەڕداری

سڵاو بۆ گشت دەرودەشتی، بەهەشتی گەشت و سەیرانە
سڵاو بۆ خوڕخوڕی ڕووبار و مێرگ و چیمەن و داری

سڵاو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و ئارەق‌ڕێژ
سڵاوی تایبەتی بۆ چینی جوتیار و کرێکاری

سڵاو بۆ ئەو برا وەرزێڕە وا جەرگی زەوی دەدڕێ
هەتا ژینی مە دابین کا لە داهاتی زەوی‌وزاری

سڵاو بۆ ئەو برا دروێنەوانەی تاکوو شەو دادێ
لەگەڵ کەرخ و مەڵۆ و داس و مەڵەغانە سەروکاری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی شەتڵانی ئارەق بوو لە مەزرایە
دەم و لێو ویشک و تاوبردوو، پەڕیوە ڕەنگی ڕوخساری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی هێند ماندووە و کوێرەوەری زۆرە
شەوێ نانوێ لەتاوی شان و پیل و ئێش و ئازاری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی کاری بژارە و دەسکەنە و بنکۆڵ
گەلێ ماقووڵ‌ترە دەست‌وپلی قەڵشیو و زاماری،

لە دەستی ناسک و نەرم و سپی و بێ‌کارە وو تەنبەڵ
لەسەر خەڵکی بەڕێدەچن و دەخون نانی منەتباری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی دەژێیێنێ منداڵی بە فەعلایی
بە هێزی لەش بژیو پەیدا دەکا، پێی شەرمە بێکاری

سڵاو بۆ ئەو کەسانەش بێ دەبرژێن تا دەبرژێنن
هەموو دەم نانی گۆڵ‌پەڕشه و بەهاروو و گەنمەسەرداری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی ئیدە و مەڕامی خزمەتی خەڵکه
هەمیشە یارمەتی داماو و لێقەوماوە ئاکاری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی ژینی بەخت کا بۆ گەل و هۆزی
هەتاکوو دوا هەناسەی بەر نەدا ڕێبازی ڕزگاری

سڵاو بۆ لاوی ڕۆشنبیر و گەنجانی بەبیر و ژیر
سڵاو بۆ میللەت و ڕۆڵەی ئەمەگناس و وەفاداری

سڵاو بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی ئازادیخوازانە
سڵاو بۆ قودڕەت و هێزێک نخوون کا کۆشکی زۆرداری

سڵاو بۆ ئەو شەهیدانەی کە خۆیان کردە قوربانی
لە ڕێی ئامانجی بەرزا بوونە سەرمەشقی فیداکاری

سڵاو بۆ نووسەران و هۆنەری دڵسۆز و تێکۆشەر
سڵاو بۆ ڕێبەرانی ڕاستەقینە و تیپی خوێندکاری

سڵاو بۆ تاقمی پێشڕەو، بەرەی ڕزگاری خوازی کورد
کەوا هێرش دەبەن بۆ سەر نیزامی زوڵم و ژێرباری

سڵاو بۆ کۆشش و هەوڵ و خەباتی خەڵکی چەوساوە
لە دژ یاساو ڕژیمی ناهەق و جەور و ستەمکاری

سڵاو بۆ ئیتیحاد و یەکیەتی گشت کۆمەڵانی خەڵک
لە مامۆستا و قوتابی تاکوو کاسبکار و بازاڕی

سڵاو بۆ پێشەوای دینی کە ڕێ نیشاندەری خەڵکە
بە مەرجێ کردەوەی یەک بێ لە گەڵ شیرینی گوفتاری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی جێی باوەڕ و متمانەیە بۆ گەل
بە موو تێیدا نییە پێچ و پەنا، لێی ناوەشێ خواری

سڵاو بۆ ئەو کەسەی ڕاست و نیەت‌پاکە لەگەڵ خەڵکی
بە سوودی میللـەتی کورد و گەلانە تەرزی ئەفکاری

سڵاوم هەرچی بوو پێشکەش بە ئێوەی خۆشەویستم کرد
لەمەڕ خۆمانەوە چەن مەتڵەبێکم دێتە سەر زاری

تکاکارم لە خەڵکی شار و لادێکانی کوردستان
لە گوێ مەگرن قسەی کەس تا نەزانن چۆنە ئەتواری

کەسێ ئیمڕۆ قسەی خۆشە، ئەگەر عەیبی بوو مەیپۆشە
دەبێ ڕوون بێتەوە دوێنێ چلۆن بوو ژین و ڕەفتاری

گەلێ هەن وەک برایەک دێن و دەتدوێنن بە دڵسۆزی
بەڵام مەعلووم دەبێ سۆزی کە پێوەی داوی وەک ماری

گەلێ هەن ئێمە دەدوێنن لە ئەسڵا گێرەشێوێنن
جودایی و دوودڵی و ناکۆکیان هێناوە بە دیاری

گەلێکیش هەن کوڕی ڕۆژن، زەمانە ملکەچی کردوون
دەگۆڕن ڕەنگ و ڕوویان، دێنە ناو کۆمەڵ بە ناچاری

لەگوێ مەگرن قسەی هەر کەس کە بۆنی تەفرەقەی لێدێ
قسەی باب و براشت ناڕەوا بوو نابێ وەیشاری

بەڵێ ڕێوی دەغەڵ شێر و پڵنگیشی فریوداوە
بە گفت‌ولفتی شیرین و بە ڕاوێژی دەم و زاری

لە سەرمان یەکیەتی فەڕزە، دەبێ تێکڕا بەجێی بێنین
دەبێ پشت و پەنای یەک بین و بگرین دەستی هاوکاری

برای هاوپشتی یەکتر بین هەتا بێگانە نەتوانێ
بخاتە نێو سەفی ئێمە کەلێنی قین و لاساری

برایەک تازەمان دیبێ، گەلێک پێویستە بیناسین
لەخۆرا با نەبین تووشی قڕە و جەنجاڵ و ناباری

ئەگەر سەرتان لە هۆنراوەی غەفوور هێشاوە بمبوورن
بە قوربانی تەواوی خەڵکە خۆی و بەیت و ئەشعاری

قسەم هێشتا گەلێ مابوو، مەبەستم زۆر لە دڵدا بوو
بەڵام چ بکەم قەڵەم چیدی نەکردم کۆمەک و یاری
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ١٠٩ـ١١٣.
دیاری مەهاباد، چاپی سێهەم، لاپەڕە ١٣٥ـ١٣٨.

پەراوێز edit