ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٨٩. کچی بۆکان
شەهێنی، دڵڕفێنی، خەم‌ڕەوێنی، ڕووگەشی، جوانی
حەسوود کوێر بێ لە حاندت ئەی کچی نازداری بۆکانی

لەبەر بەژنی بڵیند و ناسکت هەقیانە سەرداخەن
چنار و عەڕعەڕ و شمشاد و کاج و سەروی بوستانی

لە شۆخ‌وشەنگییا وێنەم نەدیوی، شەرتە نازانم
لە حۆری هەڵبڕاوی، یا لە تیرە و هۆزی پەریانی

لە وردیی خاڵی سەرکوڵمت ئەرەستوو واقی وڕ ماوە
لە تەسویری برۆی تۆ عاجز و بێ‌چارەیە مانی

دەمت عیسا سفەت مایەی ژیانە، لەمپەری گیانە
لەشی مردوو، هەناسەی تۆ وەبەر دێنێتەوە گیانی

خدر بۆ هێندە عەبداڵ بوو لە دووی سەرچاوەکەی ژینا؟
تنۆکێکە لە نێو شیوی مەمانت، ئاوی حەیوانی

لە چاخی پیرییا دیارە وەها بۆت بوومە پەتیارە
لەوانەم مل بدەم بەو کارە کردی شێخی سەنعانی

ئەگەرچی پیر و زورهانم، لەگەڵ تۆ ئافەتی گیانم
دەبەستم عەهد و پەیمانم، هەتا هەم بۆت دەکەم شوانی

لە سەیری باغی میراوا و تەماشای حەوزەگەورەم چی؟
زنەی بەرگەردن و نێو باخی سینەت خۆشە سەیرانی

لە بیرتە زۆر نەخۆش بووم هاتی بۆ پرسینی ئەحواڵم
کوتم پێت خۆشە نەمرم، با سەرت باوێمە سەر ڕانی

بزووت هێزی هیوا و هەستم کە دەستت نایە نێو دەستم
کوتم هەر تۆ لە جێت خستم، کەچی وا ئێستە لوقمانی

گەشم یا وەک بەهێی زەردم، لە کۆشکم یا لە بن بەردم
بە دەس تۆیە شفا و دەردم، کە بۆ من ژینی، هەم ژانی

بە ڕووخۆشیم کە بدوێنی، حەیاتی نوێم لەبۆ دێنی
بەڵام خۆت تووڕە بنوێنی مەرگ دێنی بە هاسانی

مەڕێژە پێم ڕق و کینت، بە دڵ هاتوومە سەر دینت
قەبووڵمە کیش و ئایینت، مەسیحی یا موسڵمانی؟

وەئەستۆ مەگرە ئۆباڵم، بە دووتا وێڵ و عەوداڵم
لە بۆتەی عیشق‌دا قاڵم، دڵم بۆت بۆتە بریانی

دڵی پێکام یەکەم تیرت، دەس و پێم کەوتە زنجیرت
لە حاڵ‌وباڵی یەخسیرت، بپرسە، سەختە زیندانی

ئەوینت بوو بە ناپاڵم، بڵێسە و تینی نا پاڵم
بە تیری تۆ شکا باڵم، پەڕوپۆم چی بوو پروانی

لە وەسفی ئەو خەت‌وخاڵە، قەڵەم کۆڵە، زمان لاڵە
دەسم بەو دوو لیمۆ کاڵە نەگا، دەمرم لە سوێیانی

بە دیمەن گەرچی منداڵی، لە ئاشق کوشتنا زاڵی
نەوەی کاوەی دلێری یا بەرەی سامی نەریمانی؟

سەرم گۆیە لە مەیدانت، دڵم دیلە لە زیندانت
لەش و گیانم بە قوربانت، فریشتەخوو! خوای جوانی!

دەکێشم نازی پێڵاوت، هەموو ژینم لە پێناوت
دەنێم، دینم فیدای چاوت دەکەم، تۆ مانگی ئاسمانی

ئەگەرچی خاوەنی ناوم، لە نێو ئەم خەڵکە ناسراوم
بەڵام من قەترەیەک ئاوم لە بەرپێی یاری بۆکانی

ئەویندارێکی دڵ‌پاکم، لە سوێی ئەو یارە خەمناکم
لە گەردوونیش نییە باکم بگا دەستم بە دامانی
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ١٢٠ـ١٢٢.
دیاری مەهاباد، چاپی سێهەم، لاپەڕە ١٢٦ـ١٢٨.

پەراوێز edit