ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٨٨. دەستەنگی
لالووتە لە ئێمە چەرخی گەردوون
پێی حەیفە بژین بە بەختیاری

دەستم بە دوعایە خەڵکی بمرێ
تا نانی بخۆین لە تازیەداری

بەرگێکە بە بەژنی من بڕاوە
قەرزاری و سەرکزی و هەژاری

پێم ناکڕێ ڕۆژێ دوو کیلۆ نان
بەو نرخی مەباحی شارەداری

تف لەم بەشە، لەم ژیانە حافز
ئەو نانە بکەی بە ژەهری ماری

بێ‌چاوییە هۆی کزی و کەساسیت
سەرباری خەڵک بی نالەباری

هەروا بووە ژینی ئێمەمانان
تایبەت لە وڵاتی کوردەواری

شاعیر کە ژیانی پڕ لە ژانە
فەرقی چییە پاییز و بەهاری

زۆر شێتییە خۆزی گەر بخوازی
ئەم ساڵەکە بۆ پێرار و پاری

کێ ژیر و بەبیر و هەستیارە
بەختی ڕەشە، تاڵە ڕۆژگاری

کێ خەڵکی مەبەستە، گەل‌پەرستە
زیندان و تەلانە جێی قەراری

کێ زیددی هەژارە، پارەدارە
جێی کۆشک و تەلارە، بارە باری

ئەم خەڵکە تکایە لێم ببورن
حەق نابێ لە هیچ کەسێ وەشاری

بۆ من نییە هەر بە تاقی تەنیا
ڕابوردوویی تاڵ و کۆڵەواری

بێ‌چاوی هەموو وڵاتی دیش وان
چاو بوایە دەچوونە کەسپ و کاری

ئەم پارچە شیعرەی لە زەمانێک‌دا هۆندۆتەوە کە بۆ بژێوی ڕۆژانە مەحتەل بووە و نانی ویشکی ئەو ڕۆژەی بۆ نەکڕدراوە.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ١٠٧و١٠٨.
دیاری مەهاباد، چاپی سێهەم، لاپەڕە ١١٩ـ١٢٠.

پەراوێز edit