ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٨٧. پەری گیان
ئەی تەختی هەنێت، تەختی سزا دانە پەری گیان
وەی چاڵی چەنەت قوژبنی زیندانە پەری گیان

شمشێری برۆت پارە دەکا جەرگی ئەویندار
خنجێری موژەت قاتڵی لاوانە پەری گیان

بسکت شەوەیە، ئاڵی دڵە ڕوومەتی ئاڵت
ئەم خاڵ و خەتەت قابزی سەد گیانە پەری گیان

چاوت چەتەیە، پیاوکوژە، سێدارەیە بەژنت
رووت ڕێگرە، کەزیەت پەتی خنکانە پەری گیان

بەرگێکە بڕاوە بە قەد و قامەتی شۆخت
ئەم جەور و جەفا و خەڵکی بە کوشت‌دانە پەری گیان

لێوت وەکوو یاقووتە، بزەت قووتە، ددانت
مروارییە، یا خۆ دوڕە مەرجانە پەری گیان

چاومەستی و تەڕدەستی و ئاشق‌کوژی و ناز
تەننازی و عەییاری لە تۆ جوانە پەری گیان

چاوم نییە، زۆر موستەحەقی خێر و زەکاتم
ماچێ بدە بەم کوێرە بەسەزمانە پەری گیان
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
دیاری مەهاباد، چاپی سێهەم ١٣٨٦ هەتاوی، لاپەڕە ١١٨.
ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ هەتاوی، لاپەڕە ٥٩.

پەراوێز edit