ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٤٥. ئاش هەر کار دەکا، گەنم دادێنێ
ئاش هەر کار دەکا، گەنم دادێنێ
چەقەنە سەری خۆی بۆ دەشکێنێ؟ !

ماڵی وا هەیە قاقڕ و کڕێن
لێی دەس ناکەوێ بەردی سەرشکێن

چ‌بکەم لەگەڵ تۆ بەختی خەواڵوو؟
دەتکەمە تەنگە و دەبیەوە پاڵوو!

تا کرژت دەکەم تۆ هەر خاوتری
هر بۆیە ڕیسم بۆتەوە خوری

هیوام کوڕێک بوو ئەویش لەبارچوو
تازە کوڕی چی، وەک بەفری پار چوو

خۆت لێ ون نەبێ، هۆشت نەتاسێ
پیاو دۆست و دژمن دەبێ بناسێ

نە خۆش باوەر بە، نە بێ‌باوەڕ بە
نە تێهەڵقوتێ، نە کوێر و کەڕ بە

لای ژیر و زانا هیچیان پەسند نین
گوێ بۆ بیستنە و چاویش بۆ بینین

هاتەوە بیرم پەندێکی زەریف
ئەم چاوە کوێر بێ، نابینێ حەریف
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ‌٧١.

پەراوێز edit