ئەمشەو لە خەودا یاری شیرینم
ھاتبوو بۆ لام گیانی دێرینم
سبەینێ ھەڵسام کەس نییە و دیار
وامزانی ڕاستە و خەو نییە بینم
بۆیە وا مات و پەشێوو سەرسام
خەریکی ئاھی سەرد و گرینم
تۆزێ ساکن بوو برینی دەردم
تازەی کردەوە زام و برینم
لەسەردا وا دێ سیڵاو ئەشکم
گیانە وەرە سەیر ئەشکی خوێنینم
بە ڕۆژ و بە شەو ھەر وەکوو فەرھاد
نەقش و نیگاری باڵای شیرینم
دائیم لە شین و گریانم ئەمن
مەلوول و ماتەم خەستە و غەمگینم
دڵە تابەکەی تۆ ھەر بە تەمای
لە دەسستی تۆ چوو بزان یەقینم
لوتفی ئەم فیکرە لە دڵ دەرکەدەر
بەس وەکوو فەرھاد بڵێی شیرینم