ئەو کەسەی مەحکوومی دەستی نەفس و شەیتان بێ منم
فاسق و عاسی لە ئوممەت شاھی جیھان بێ منم
ڕامبوارد عومری شەبابم بەو ھەوای نەفسی دەنی
دڵ بە داخ و ماڵ وێرانی ڕۆژی مەیدان بێ منم
بێ مووعین و دەست گیر و بێ ڕەفیق و بێ عەمەل
تووشی سەحرایی عەدەم چۆڵ و بیابان بێ منم
کەوتنە ڕێگەی حەق و ڕێگەی سەلامەت خزمەکان
تەوبەبێ یا ڕەب ئەوەی ھەر کۆڵ بە عوسیان بێ منم
با لە لایان ئاشکرا بێ عالەمی سەر ڕووی زەمین
با بزانن زیاد لە خەڵکی ئەھلی نیران بێ منم
گەر ئەبیسن دەنگی گریان وەختی شەو و نیوەشەو
ئەو کەسەی بۆ حاڵی قەبری زۆر پەرێشان بێ منم
موستەحەقە ژەنگی دڵ بۆ قەترەیە ڕەحمەت خودا
ڕۆژ و شەو ھەر چاوەڕوانی ڕەحمی یەزدان بێ منم
ڕووم نییە ھەرگیز بڵێم من نەسڵی ئەو پێغەمبەرەم
دوور لە باسی شەرع و عیلم و دین و ئیمان بێ منم
مەیلی نەفسم حازرە ھەر دائیما بۆ لای گوناھ
یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلە دەس بە دامان بێ منم
خاک و خۆڵ کەم جا بە سەردا سەر لە بۆ کوێ ھەڵگرم
لایەقی گریان و شین و داد و ئەفغان بێ منم
لوتفی بۆ چی وا زویری دڵ بدە ڕەحمی خودا
ھەر بڵێ ھەردەم ئومێدی عەفوی ڕەحمان بێ منم