ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٠. ئەوا پیری ھات بوو بە میوانم
ئەوا پیری ھات بوو بە میوانم
چەن عەیبی ھێنا دای نا لە شانم
بێ ھێزی ئەژنۆ و حوکمی چاوانم
ھەتا کۆتایی ماڵی وێرانم
ڕەزیل و خستەی پەنای دیوارم
لە سەر تا بە پێ گشت دەردەدارم
لە ھیچ جێگەیە نییە قەرارم
لایەق بۆ مردن چاکە نەمامم
تەمەنی لاوی بە خۆش و شادی
بە ھەوا ڕۆی بە دڵ ئازادی
بەکام و بە شەوق زۆر بە گوشادی
ئەوا تەواو بوو عومری جوانم
سا بەچ ڕوو ڕوو کەمە مەیدان
بە ڕوویەکی ڕەش بە کۆڵێ عوسیان
بە خۆم ماڵ کاول سەد جار پەشیمان
چاو شۆڕ و ڕیسوای دەور و جیرانم
ئەوراق حازرە لەبەر دەس حاکم
لە ئیمڕۆ بە دوا بۆ مردن چاکم
ئەوەڵی خاک و ئاخری خاکم
پشتم لە دونیا ڕوو لە قەبرانم
ھیچ چاکەم نەبوو لە داری دونیا
توێشەم ھەڵ نەگرت بۆ ڕۆژی جەزا
ڕوو زەرد و مل کەچ لە مەیدانی خوا
ھەر خۆم بێ چارە و ڕەنج بە خەسرانم
لوتفی تۆ تازە عومرت لەدەس چوو
مەیخەرە یادت زەمانی پێشوو
ئەوەی کە ماوە ھەڵسە زوو بە زوو
بڵێ ئەی خودا دەخیل ئامانم

پەراوێز edit