ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٥٧. خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا
خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا
دووچارم نەکەی وەک شای کەربەلا
دەورانێ گەلێ سەخڵەت و تووشە
ڕەحمێ بە حاڵم نەمکەی موبتەلا
***
ئەم عومرە ھەمووی خەم و بێزاری
ڕۆژ و شەو پڕە لە گیانە ھاری
خۆشی و شادی گەلێ کەم بووە
لە ھەموو لاوە مەینەت و زاری
***
ئەو غەدەرەی کە وا دەکرێ ئەمڕۆ
خەڵکی خستووەتە ناو شین و ڕۆڕۆ
ڕوو لە کوێ دەکەی شین و فیغانە
ھەروەک دەورانی ڕۆم و ھۆلاکۆ
***
ھەرچەن ھەوڵ ئەدەی نییە ڕووناکی
ژیانی ھەمووی دەرد و خەمناکی
شادی ھەر نییە نە زۆر و نە کەم
دەورێکە پڕ لە جەور و ناپاکی
***
چەن پیاوی گەورەی ژیر و ھۆشیار
گیرۆدەی جەنگی چەرخی ڕۆژگار
کەس لێی ناپرسێ بۆ وا داماوی
دەستەو یەخەیە ناو دەرد و ئازار
***
بگرە و بەردەیە و ھەرکە و بۆ خۆیە
ڕوو لە کوێ دەکەی ھەر باوکە ڕۆیە
ھەرچی دەبینی دووچاری خەمە
ئەم خەڵکە غەرقی ناو شین و ڕۆیە
***
لوتفی تۆ پشتت بەستە بەباری
چونکە لای ئەوە چارە و تیماری
پەنا گەر ھەبێ ھەر پەنای ئەوە
دەرگای ئەو بگرە ئەگەر ھۆشیاری

پەراوێز edit