شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا دووچارم نەکەی وەک شای کەربەلا دەورانێ گەلێ سەخڵەت و تووشە ڕەحمێ بە حاڵم نەمکەی موبتەلا *** ئەم عومرە ھەمووی خەم و بێزاری ڕۆژ و شەو پڕە لە گیانە ھاری خۆشی و شادی گەلێ کەم بووە لە ھەموو لاوە مەینەت و زاری *** ئەو غەدەرەی کە وا دەکرێ ئەمڕۆ خەڵکی خستووەتە ناو شین و ڕۆڕۆ ڕوو لە کوێ دەکەی شین و فیغانە ھەروەک دەورانی ڕۆم و ھۆلاکۆ *** ھەرچەن ھەوڵ ئەدەی نییە ڕووناکی ژیانی ھەمووی دەرد و خەمناکی شادی ھەر نییە نە زۆر و نە کەم دەورێکە پڕ لە جەور و ناپاکی *** چەن پیاوی گەورەی ژیر و ھۆشیار گیرۆدەی جەنگی چەرخی ڕۆژگار کەس لێی ناپرسێ بۆ وا داماوی دەستەو یەخەیە ناو دەرد و ئازار *** بگرە و بەردەیە و ھەرکە و بۆ خۆیە ڕوو لە کوێ دەکەی ھەر باوکە ڕۆیە ھەرچی دەبینی دووچاری خەمە ئەم خەڵکە غەرقی ناو شین و ڕۆیە *** لوتفی تۆ پشتت بەستە بەباری چونکە لای ئەوە چارە و تیماری پەنا گەر ھەبێ ھەر پەنای ئەوە دەرگای ئەو بگرە ئەگەر ھۆشیاری ++++++++++++++++++++++