ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٥٦. جەناب شێخ مەحموود ئەوا کۆچی کرد
جەناب شێخ مەحموود ئەوا کۆچی کرد
بۆ خزمەت باری ماڵئاوایی کرد
داخێکی گەورەی نا بە جگەردا
ئاگری لە دڵ لە دەروون بەر دا
ھەر کەس ئەبینی چاو بە گریانە
بۆ کۆچ کردنی دڵ پەرێشانە
ئەو ڕزگاری بوو لە دەرد و مەینەت
ئێمە ماینەوە بۆ غەم و زیللەت
ئەی چاو بڕژێنە فرمێسکی خوێنین
ئەی دڵ بناڵە بە داخ و بە قین
ئەی دەم ھاوار کە ھەتا ئەتوانی
بڵێ، بۆ وەتەن کوانێ شێرانی
یەک لە دوای یەک بێشەیان چۆڵ کرد
میللەتی کوردیان وێڵ و کڵۆڵ کرد
ئەی کورد بناڵە بۆ قوڕ بە سەری
بۆ لانەوازی بۆ دەر بە دەری
ھەتاکوو ماوین ئەبێ داماو بین
بێ قەدر و قیمەت سووک و بەدناو بین
مەڕ شوانی نەما ئاوارە ئەبێ
نیوەی گورگ ئەیخوا نیوەی ئەدزرێ
یا ڕەب تۆ ڕەحمێ بکەی بە حاڵمان
ڕزگارمان بکەی نەشکێنی باڵمان
کوردی داماو و بێ کەس و ھەژار
تۆ پەنای بدەی لە چەرخی ڕۆژگار
لوتفی ھتاکوو دنیا بمێنێ
زەحمەتە یەکێ وەک شێخ بھێنێ
کۆچی شێخ مەحموودی نەمر
١٩٥٦

پەراوێز edit