جەرگم پڕ لە خوێن پڕ دەردە دەروون
ھەرچەن سەیر ئەکەم ڕەفتاری گەردوون
ھیچ شادی نییە لەم دونیای فانی
پڕ مەینەت و غەم ژانە ژیانی
بە شەو غەمبارم بە دەردی زەمان
بە ڕۆژ بێزارم لە ژین و ژیان
ناڵەی دەروون دێ وێنەی نێرەکەو
چەن تەقەلا دەم چاو نەچلتە خەو
لەباتی شەربەت زووخاوی جەرگم
نۆش ئەکەم قوم قوم تا دوای مەرگم
مەر ئەو سەعاتە ڕاکێشم بێ غەم
دوور بم لە دەرد و ئازار و ستەم
ڕوو کەمە مەیدان پەنا ھەر خوایە
چاو ئەچێتە خەو ھەتا ھەتایە
دڵ سارێژ ئەبێ لە دەردی دونیا
ئەمێنێ حیساب لای خۆم و خودا
لوتفی گریان و ناڵەت بێ سوودە
چونکە تەمەع و حیرست مەوجوودە