ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٢١. ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی
ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی
ئەڵێی ئاشەوان ئاشی بەتاڵی
جەوری زەمانە ھەر بۆ تۆ نییە
سەبەبی چییە ھەر تۆ ئەناڵی
***
بۆچ خەیاڵ ناکەی بە ڕۆژ و بە شەو
لات وەکوو ژەھرە چ خواردن چ خەو
شیرینیش نەما فەرھادیش ڕۆیی
تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو
***
بۆ چی نازانی ئازار دونیای دوون
جەرگی ھەزاری وەک تۆی کردە خوون
بیری لێ بکەی بەشت ھەر غەمە
چاو بدەرە سووڕ چەرخەکەی گەردوون
***
دونیا بۆ زۆر کەس پشتیوانی کرد
ھەشت نۆ ڕۆژێکە ئەھات و ڕابورد
ئەویش بە میحنەت بە سزا ڕۆیی
لە ماڵەکەی خۆی ھەر کفنی ئەبرد
***
بۆ مەرحەبایی دونیای بێ وەفا
یەک دوو ڕۆژ لەسەر ڕووی ئەرز و سەما
خۆت مەخەرە گێژ قوڕاوی بێ پەی
خۆت ڕوو زەرد مەکە لە مەیدانی خوا
***
ھەرگیز تێک مەچۆ بە بوون و نەبوون
ھەر دووکی ئەڕوا لەسەر دونیای ڕوون
ھیچ نرخی نییە سەروەتی دونیا
ئەگەر ئاڵتوون بێ کێوی بێستوون
***
لوتفی دەردەکەت زوو بکە دەرمان
با لەم دواییە نەبی ماڵ وێران
زۆر خەیاڵ ئەکەی لە ئەتواری خۆت
با شێتیش نەبێ بکەویە کێوان
تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو

پەراوێز edit