شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی سەبارەت: تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی ئەڵێی ئاشەوان ئاشی بەتاڵی جەوری زەمانە ھەر بۆ تۆ نییە سەبەبی چییە ھەر تۆ ئەناڵی *** بۆچ خەیاڵ ناکەی بە ڕۆژ و بە شەو لات وەکوو ژەھرە چ خواردن چ خەو شیرینیش نەما فەرھادیش ڕۆیی تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو *** بۆ چی نازانی ئازار دونیای دوون جەرگی ھەزاری وەک تۆی کردە خوون بیری لێ بکەی بەشت ھەر غەمە چاو بدەرە سووڕ چەرخەکەی گەردوون *** دونیا بۆ زۆر کەس پشتیوانی کرد ھەشت نۆ ڕۆژێکە ئەھات و ڕابورد ئەویش بە میحنەت بە سزا ڕۆیی لە ماڵەکەی خۆی ھەر کفنی ئەبرد *** بۆ مەرحەبایی دونیای بێ وەفا یەک دوو ڕۆژ لەسەر ڕووی ئەرز و سەما خۆت مەخەرە گێژ قوڕاوی بێ پەی خۆت ڕوو زەرد مەکە لە مەیدانی خوا *** ھەرگیز تێک مەچۆ بە بوون و نەبوون ھەر دووکی ئەڕوا لەسەر دونیای ڕوون ھیچ نرخی نییە سەروەتی دونیا ئەگەر ئاڵتوون بێ کێوی بێستوون *** لوتفی دەردەکەت زوو بکە دەرمان با لەم دواییە نەبی ماڵ وێران زۆر خەیاڵ ئەکەی لە ئەتواری خۆت با شێتیش نەبێ بکەویە کێوان ++++++++++++++++++++++