ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٥٣. ھیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم
ھیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم
لە ئەشکی چاوم لە ئاھی سەردم
سەبەبی چییە ئەم گریانەی من
بۆ چی غەمگین و دائیم ڕەنگ زەردم
***
بۆ چی عاجز و بۆ ماڵ وێرانم
بۆ چی ھەمیشە چاو لە گریانم
بۆ چی لەشکری غەم لا میوانە
بۆ چی خەرمانی عومری سووتانم
***
بۆچ وا بێ ھۆش بۆچ وا سەرخۆشم
لە حەوزی میحنەت بۆچ بادە نۆشم
بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی پڕ دەردم
وەکوو تازێ بار دائیم ڕەش پۆشم
***
کۆتر ئەخوێنێ لەسەر گوێی سەربان
بۆ چی دڵی من ئەکەوێتە جەولان
ھەرچەن پەڕ و باڵ ڕائەوەشێنی
جەرگم ئەسووتێ ھەر وەکوو بوریان
کەسێ ناپرسێ کە تۆ چ کاری
دانیشتووی لادێ یا خەڵکی شاری
مەبەستت چییە لەم ھۆنراوانە
بە چ جۆرە دەرد تۆ گرفتاری
***
نازانم ئەھلی دۆزەخم یا نار
یا لێم خۆش ئەبێ زاتی کردگار
لەبەر گوناھ و ماڵ وێرانی خۆم
ڕۆژی ڕووناکم بۆتە شەوی تار
***
ھەورازی عومرم وا سەرەو لێژە
جەستەم بە جارێ گشت گێژ و وێژە
وتن خۆڕایی ھیچ سوودی نییە
لوتفی چی ئەڵێی ھەر بۆ خۆت بێژە
ھەورازی عومرم

پەراوێز edit