شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: ھیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم سەبارەت: ھەورازی عومرم ھیچ کەس ناپرسێ لە حاڵی دەردم لە ئەشکی چاوم لە ئاھی سەردم سەبەبی چییە ئەم گریانەی من بۆ چی غەمگین و دائیم ڕەنگ زەردم *** بۆ چی عاجز و بۆ ماڵ وێرانم بۆ چی ھەمیشە چاو لە گریانم بۆ چی لەشکری غەم لا میوانە بۆ چی خەرمانی عومری سووتانم *** بۆچ وا بێ ھۆش بۆچ وا سەرخۆشم لە حەوزی میحنەت بۆچ بادە نۆشم بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی پڕ دەردم وەکوو تازێ بار دائیم ڕەش پۆشم *** کۆتر ئەخوێنێ لەسەر گوێی سەربان بۆ چی دڵی من ئەکەوێتە جەولان ھەرچەن پەڕ و باڵ ڕائەوەشێنی جەرگم ئەسووتێ ھەر وەکوو بوریان کەسێ ناپرسێ کە تۆ چ کاری دانیشتووی لادێ یا خەڵکی شاری مەبەستت چییە لەم ھۆنراوانە بە چ جۆرە دەرد تۆ گرفتاری *** نازانم ئەھلی دۆزەخم یا نار یا لێم خۆش ئەبێ زاتی کردگار لەبەر گوناھ و ماڵ وێرانی خۆم ڕۆژی ڕووناکم بۆتە شەوی تار *** ھەورازی عومرم وا سەرەو لێژە جەستەم بە جارێ گشت گێژ و وێژە وتن خۆڕایی ھیچ سوودی نییە لوتفی چی ئەڵێی ھەر بۆ خۆت بێژە ++++++++++++++++++++++