ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٤٧. گیانە بوھارە بوھاری شادە
گیانە بوھارە بوھاری شادە
قەومی کورد ئیمرۆ زۆر نامرادە
گەشتی ناو گوڵزارە سەیران و خۆشی
بە یادی خەفەت ھەمووی داپۆشی
لە جێگەی بەرگی ئاڵ و سوور و زەرد
خوێنی کوردانە تێکەڵ شاخ و ھەرد
لە جیاتی شایی و سوحبەت و سەیران
دەنگی باوکەڕۆ و شیوەن و گریان
چەم و دار و شاخ لە شین و زارن
بۆکزی کوردان زۆر بێ قەرارن
عالەم گشت خەریک شایی و سەیرانە
کوردیش ئاوارەی دەشت و کێوانە
ئاگری غەزەب لە ھەر چوار کنار
دائیم ئەبارێ وەک سەیلی بوھار
ئەی خودا ڕەحمی لە کوردی فەقیر
ڕزگاری بکەی لە کۆت و زنجیر
مەحروم و بێبەش لە خۆشی ژیان
ناڵەی دەروونی دەگاتە ئاسمان
زۆر پەرێشانە بێ وەزع و بێ حاڵ
وەک تەیری وایە نێو داوی منداڵ
لوتفی بە تەنھا ھەر توو لە زاری
بۆ کزی وەتەن زۆر بێ قەراری

پەراوێز edit