کوردە بۆچ دایم دەناڵێنی لە چەرخی ڕۆژگار
گشت کز و داماو و عاجز ڕەنگ زەرد و لێو بەبار
کوردە دەردت زۆر گرانە بێ دەوا و ھەم بێ تەبیب
چارەی خۆت گەر نەکەی زوو ماڵ وێرانی ڕەنج خەسار
خاوەنی چەن ھۆز و تیرەی موڵکی چاک و ڕزقی زۆر
کەچی ھەر تووی بێکەس و برسی و بێ جێگە و دیار
سەیری مێژوو کە بکەی ئەی کورد مەعسوومی فەقیر
چاک ئەزانی چۆن بووە شێری کوردی نامدار
نەنگە بۆ توو چاوەکەم سەیری حاڵی خۆت بکە
چەن پەرێشان و زەبوونی تابەکەی گریان و زار
عالەمی غەیرە بە جارێ پێ گەیی ھەر تۆ نەبێ
مایتەوە بۆ ژێر چەپۆکە وەک ھەتیوێکی ھەژار
بەسیە خۆخۆری لەناو بەن تۆیێ ئاژاوە و نیفاق
وەک برابن ڕۆژی تەنگانە لە ھەر گۆشە و کەنار
ڕاپەڕن گشتان بە جارێ بۆ شکۆھی قەومی کورد
دەسخەنە ناو دەستی یەکتر خەڵکی لادێ و ئەھلی شار
بۆ فیدای خاکی وەتەن لوتفی وەرە مەیدانەوە
سەد شوکر چاوی ھەڵێنا ئیمڕۆ کوردی ھۆشیار