کوردە تۆ بۆ چی وا لێت شێواوە
بۆ دەرگای شادیت لێ داخراوە
کوردە تۆ بۆ چی دائیم ڕەنگ زەردی
ھەردەم خەمگین و ھەناسە سەردی
کوردە تۆ بۆ چی وا پەشۆکاوی
وەک گوڵی بێ ئاو سیس و ژاکاوی
کوردە تۆ بۆ چی دائیم لە خەمدای
لە بەرگی سیای شین و ماتەمدای
کوردە تۆ بۆ چی دەردت گرانە
تەنھا دەردی تۆ بە بێ دەرمانە
کوردە تۆ بۆ چی دیلی ڕۆژگاری
بێ شەوق و زینەت لە خۆت بێزاری
کوردە تۆ بۆ چی دائیم ژێردەسی
بێ پشت و پەنا بێ ھیز بێ کەسی
کوردە تۆ بۆ چی ھەربەش خوراوی
لە ناو خاکی خۆت بۆ دەرکراوی
وەڵامم دەوە دەردم گرانە
دڵ بۆ بێ کەسیت زۆر پەریشانە
وەڵامی داوە کوردی خاک بەسەر
لە چی ئەپرسی لە حاڵ بێ خەبەر
چیت بۆ شەرح کەم لە حاڵی کوردان
بە کاغەز و قەڵەم نایێتە بەیان
ئەمە چەن ساڵە لادێی و شاری من
وێرانە بە دەس بەدکاری دوژمن
تۆ سەیری بکە شاخی کوردستان
لە ھەموو لاوە ئاگر تێبەردان
لەم خاکە نییە یەک بستە شوێنێ
کە ئاو نەدرابێ بە قەترە خوێنێ
ڕوو لەکوێ ئەکەی شین و گریانە
بارخانەی خەفەت لەوێ میوانە
لە ھیچ جێگەیێ شادی نەماوە
سەیری کێ ئەکەی دڵ پڕ خوێناوە
لوتفی ھەتا کەی ھەر شیوەن ئەکەی
دەستی دەخالەت بۆلای کی ئەبەی