ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٣٥. کاکی کوردم وا دیارە زەوق و شادیت دیار نییە
کاکی کوردم وا دیارە زەوق و شادیت دیار نییە
جەژنەکەی تۆ جەژنی گشتە فەرقی دەشت و شار نییە
پڕ بەدەم ھاوار کە بۆ خۆت جەژنە ئەی کوردی دلێر
جێگەی ترس و غەم و یا جێگە عەیب و عار نییە
سەف ببەستن ڕابووەستن وەک برا گەورە و بچووک
چی بکەی ئیمڕۆ بۆ خۆتە زاڵمی خوێنخوار نییە
ڕەحمەتی حەق ھاتە جونبش دووکەڵی کفری ڕفان
کەس لە مەکری زاتی حەق یەک زەڕەیێ بێدار نییە
ماڵ و سەروەت ڕۆحی شیرین بۆ چییە ئەی کاکی خۆم
گشتی قوربانی وەتەن بێ دەردەکەی تۆ دیار نییە
سوخرەیی ئاغا و بەگ و یا زاڵمە خوێنخۆرەکان
بێتە یادت وا بزانە ساڵەکەت وەک پار نییە
ھەر وەکوو ئەسپێی بێگانە ڕۆژ و شەو خوێنتی ئەخوارد
مل کەچ و ڕازی بە گشت ئەتوت کە وا ھیچ چار نییە
ئیمڕۆ گورزی پیاوەتی کەوتۆتە دەستی لوتفی تۆ
بۆ وەتەن خۆت گیان فیدا کە چاتری ھیچ کار نییە
لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی و کۆنەپەرست لە عێراق و بەرپا بوونی شۆڕشی ١٤ی تەمووز ساڵی ١٩٥٨ زاینی لوتفی ئەم غەزەڵەی وتووە.

پەراوێز edit