ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٣٦. کاکە وا مەزان کە زۆر بە باوی
کاکە وا مەزان کە زۆر بە باوی
لە ناو عالەمدا بە دەنگ و ناوی
خۆت لە خۆتەوە بە گەورە مەزان
ئەمە باعیسە بۆ کەمی نەزان
ھەر کەس لە ماڵ خۆی پیاوی تەواوە
بە قسەی مناڵ خۆی خەڵەتاوە
پیاو ئەو پیاوەیە وەک داری بەردار
سەمەری ببێ بۆ ھەموو ھەژار
دەلیل بێ بۆ وەی ڕێگە نەزانە
سێبەر بێ بۆ وەی حاڵ پەرێشانە
لە سەر ڕێگەی حەق ھەرگیز لا نەدا
بەرانبەر لە ڕاست پاشاھ و گەدا
قەدری گشت کەسێ تەواو بزانێ
حورمەت عام بگرێ ھەتا ئەتوانێ
قەت مەغروور نەبێ بە کردەوەی چاک
دوایی بۆی ئەبێ بە باری غەمناک
نەڵێی من بەگم وەیاخۆ ئاغام
یا قازی یا شێخ وەیاخۆ مەلام
نەڵێی من ھەمە زێڕ و موڵک و ماڵ
کۆشک و تەلار و زەخیرەی چەن ساڵ
ئەمانە ھەمووی عەتای مەولایە
چ جۆرە فکرێ لەسەر تۆدایە
شوکرانە بکە لە دەرگای باری
کردتی بە بەشەر بەناو و دیاری
لوتفی بەس بدوێ لە کاری عالەم
پەی پەی ھەڵکێشە ھەناسەی ماتەم
باری غەمناک

پەراوێز edit