ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٣٠. ڕۆژێ چوومە دەر بە عەزمی گەڕان
ڕۆژێ چوومە دەر بە عەزمی گەڕان
کەوتە بەر چاوم شۆخێکی جوان
نازکی خاڵ و کوڵمە ئاڵەکەی
نە لەیل نە شیرین نە وەک خەرامان
لە ناکاو کە دیم عەقڵ و ھۆشی برد
دڵ و دەروونی کردمە بوریان
پەنجا ساڵ عومرم ھەبوو تەواوی
ھات گەڕایەوە بۆ چواردە ساڵان
پیری و زویری خۆی لێم شاردەوە
چوومە سەر بیری گەنجێکەی جاران
کردە و عیبادت لە دەوری چل ساڵ
بە یەک دەقیقە گشت چوو بە تاڵان
بە فکر و عەقڵ زۆرم لێک داوە
شۆخی وام نەدی لە دەوری دەوران
قەد و قامەتی وەک سوورە چنار
ڕەنگ و ڕوخساری سەوڵی خەرامان
دوو چاوی ھەبوو زوھرە و موشتەری
جەرگی عاشقیان ئەکرد بە بوریان
لە گفتوگۆی ئەو خەیاڵ ئەفڕێ
ددان وەکوو دوڕ لێو وەکوو مەرجان
لە بەدبەختی من پیری بێ تاقەت
موبتەلای کردم بە شین و گریان
حەسرەتی دڵ و ھەناسەی سەردم
بە سەرما ڕژا دەردی بێ دەرمان
کەوتمە گێژی بەحرێکی بێ پەی
ئومێدی نەجات نییە لە جیھان
چونکە نازانی لوتفی چ کارە
ھەر خەفەت بخوا تا ئاخر زەمان
نە لەیل نە شیرین

پەراوێز edit