ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٣١. ڕۆڵە من زۆرم نەما لە دونیا
ڕۆڵە من زۆرم نەما لە دونیا
ھەر کاتێ زانیت بارخانەم پێچا
وەسیەت ئەکەم بۆتان کوڕی خۆم
لە دوای مردنیش غەم خۆری ئەنگۆم
ھەتا ئەتوانن لەسەر ڕووی دونیا
ڕووتان بە شووش بێ ھەر وەکوو چرا
ڕوو گرژ نیشانە لەبۆ ئەھلی نار
لەسەر ڕووی دونیا ئەبێ ئاشکار
دائیم ڕوو گەش بن لەگەڵ گشت عەوام
ڕوو گەشی شەرتە بۆ گەلی ئیسلام
ڕەفیقیی پیاوی بەخیل قەت مەکەن
غەیبەتی پیاوی جەلیل قەت مەکەن
سەخا سیفەتی زاتی خودایە
ئەوەی سەخی بێ دۆستی گشت لایە
ئەھلی بەھەشتیش نیشانەی دیارە
سەخی و ڕووخۆشە لەگەڵ ئەغیارە
وەکوو گوڵ وا بن بۆنتان با بڕوا
لە ناو عالەم دا دیار بن وەک چرا
حورمەتی عالیم ھەژار و ھەتیو
شەل و کوێر و پیر ئەختیاری ڕزیو
لازمە بگرن بەقەدەر ئەحواڵ
زۆری پێ خۆشە زاتی زولجەلال
شیرین بن ڕۆڵە وەک شیری بێ گەرد
ببن بە شیفا قەت مەبن بە دەرد
ڕۆڵە من ئەڕۆم زۆرم نەماوە
قسەی دوایمە کە وا نووسراوە
مەبن بە ژاڵە تاڵ و بێ سەمەر
شیرین بن توخوا وەک شەھد و شەکەر
خیانەت نەکەن لە قەومی خۆتان
سەر شۆڕی دێنێ لە ھەر دوو جیھان
کەلامی کوردی ھەیە مەتڵەبە
«گەر نابی بە گوڵ دڕکیش مەبە»
ڕۆڵە من لەسەر ڕادەی سەفەرم
ماڵ کاول خۆمم ھەی خاک بە سەرم
ئەوەی نووسیومە بە گوێم کەن توخوا
سەرتان بەرز ئەبێ لە مەیدان خوا
ئێوەش جار و بار یادی من بکەن
لە خەیر و خەیرات بێ بەشم مەکەن
لوتفی تەمای چیت ئەتۆ لە دوای خۆت
خەیری ئەولادت بەڕێ کرێ بۆت
وەسیەت بۆ کوڕەکانم
١٩٦٣
کەرکووک

پەراوێز edit