ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٣٢. ڕۆڵە گوێ بگرە بزان چی ئەڵێم
ڕۆڵە گوێ بگرە بزان چی ئەڵێم
عومری ڕابوردوو چەند دەردی داپێم
ئەوەڵ منداڵ بووم بێ داک گەورە بووم
لای ھیچ کەس نەبوو خۆشەویستی ڕووم
کە بووم بە حەوت ساڵ نامیانە خوێندن
دائیم ڕووت و قووت ناو دۆست و دوژمن
ڕەنگ زەرد و پەشێو، کز و خەفەتبار
بێ ناز و نیعمەت دوور لە کەس و کار
دڵ پڕ لە ئەلەم دەروون پڕ لە ژان
بە ھەر حاڵێ بوو ڕامبوارد ژیان
ئێستا وا لەسەر ئاسۆگەی مەرگم
وەسیەت ئەکەم بۆت تۆ خودا جەرگم
لە دوای من بژین بە ژیانی پاک
دڵی کەس مەکەن زویر و غەمناک
کەس عاجز مەکەن لەسەر ڕووی دنیا
ھەر بە نەجابەت دۆستتان زیاد ئەکا
لە گوێرەی تاقەت کەرەم کردار بن
با لەناو خەڵکی ھەمیشە دیار بن
ڕوو خۆش بن لەگەڵ ھەموو موسڵمان
ڕووی گەش نیشانە بۆ ئەھلی ئیمان
ھەتا ئەتوانن ڕوو لە خودا کەن
بە ڕۆژ و بە شەو زیکری مەولا کەن
ھەر کەس کەم دین بێ ڕۆڵە بزانە
لە ھەردوو دونیا باری گرانە
ڕەزیلی پیسە قەت مەبن ڕەزیل
مەیکە بە پیشە تا نەبی زەلیل
سەر شۆڕە ئەوەی کرداری وا بێ
ڕوو زەردە بۆ ھیچ فەرمانی نابێ
لوتفی تۆ غەمی خۆت بخۆ ھەژار
کە وا گیرۆدەی بەداوی ڕۆژگار

پەراوێز edit