ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٣٣. دێیەکی زۆر خۆش
ڕێم کەوتە دێیە ڕۆژێ لە ڕۆژان
دێیەکی زۆر خۆش دار و دارستان
ھیچ کەس نەیدیوە جێگەی وا دڵگیر
شاخی بەرز و سەوز بێوێنە و نەزیر
چەم و باخی زۆر کانی و کانی ئاو
ھەتا سەیری کەی قەت تێر نابێ چاو
ئاوازی بولبول خوڕەی ئاوی شاخ
بە بێ چەند و چوون تێر ئەکا دەماخ
لام دا بە نیازی تۆزێ ئاو بخۆم
ئەمجار ڕێی بگرم لەبۆ خۆم بڕۆم
تەمەنم حەڤدە ھەژدە ساڵانە
جوان باڵا بەرز ڕێک و لاوانە
جل و بەرگی چاک شێخانە دەستوور
لە دوو شەوقەدا ھەر وەکوو بلوور
قوندەرەی بیلاد کەوای جەرمانم
عەبای چۆغەی ڕەش وا لەسەر شانم
شانی سورمەدار دەستووری موسڵ
لە دوور دیارە ھەر وەک تۆپی گوڵ
دەمانچەی حەوتیر خەنجەری دەبان
سەعات و زنجیر دەستووری کرمان
سوارم لەسەر پشت ئەسپی وەک غەزال
پەناھم ھەر تۆی دانای زولجەلال
چوار پەلی سپی ناو چەوانی قەش
وەک ئاسکەی مبەری ئەڕوا بە بێ غەش
سەر زین ئاورێشم گوڵەنگ و سەجاغ
ڕەشمە و لغاو ڕێک سەر کەلە و چەناغ
لە لای خۆم وایە لە ژێر ئاسمانا
کەس نییە وەک خۆم لە ڕووی جیھانا
بە ھەر حاڵێ بوو ڕێم بردە ماڵێ
داوای ئاوم کرد بە ھەر ئەحواڵێ
دیتم نازدارێ لە ماڵ ھاتە دەر
ڕووی شوعلەی ئەدا وەک مانگی ئەنوەر
باڵای وەک نەمام چەمی شەقڵاوە
ھەتا سەیر کەی عەیبی نەماوە
دەس ھەڵبژێری یەزددانی تاکە
سەد ماشائەللە چەندە بێ باکە
لەشی سوێند ئەخۆی یەک پارچە زیوە
بە توولی عومر ھی وام نەدیوە
ڕەنگ سوور و سپی تەواو خەمڵاوە
ئەڵێی شیرینە و لە ئەڵوەن ماوە
دوو شا زولفی شۆڕ مۆرە لە خەنە
دەم دوور بێ یاقووت بە گەوھەر بەنە
تەختی ناو چەوان چوار پەنجە پانە
ئەبرۆی سوێند ئەخۆی ھەر وەک کەوانە
چاو وەک گەلاوێژ ھەڵدێنێ بە ناز
ڕۆحی مردۆکان دێنێتە پەرواز
پووشین سورمەدار قەزاز کراوە
مشکی گوڵەنگی لێ ھەڵ بەسراوە
بەو لەنجە و لارە ئاوی بۆ ھێنام
نە خەیاڵی ئاو نە فیکری دونیام
ما ھەر سەیر بکەم بێ قسە و بێ باس
لەسەر پشت وڵاخ وەکوو گێژ و کاس
ئاوی ڕاگیر کرد دڵ بێ خەبەرە
کەوتمە گێژ و لوول شین و مەسخەرە
ئەوجا پێی وتم ئەی برای ڕێبوار
بۆچ وا پەشێوی عاجز و غەمبار
وتم ئەی نازدار غەمی زەمانە
لە لای من نەبوو لە ھیچ دەورانە
تا گەیمە ئێرە ھیچ بەڵام نەبوو
گەشتمە ئێرە عەقڵم لەدەس چوو
نازانم چییە بۆچ وام بەسەر ھات
دووچاری دەرد بووم نییە ڕێی نەجات
وتی ئەی میوان دابەزە تاوێ
دونیا زۆر گەرمە تەکلیفی ناوێ
پشوویێ بدە تاوێ لە لامان
دانیشە بە دڵ لەسەر دوو چاوان
ئەم جا دابەزیم جێگەی بۆ دانام
کەوتە گفت و گۆ بە شیرین کەلام
تا کاتی عەسر زۆر بە کەیف و شاد
غەمی زەمانەم ئەدایە بەر باد
ناچار سوار بووم ڕوو لە ڕێگەی خۆم
غەمی سەد ساڵە گەڕایەوە بۆم
وتی ئەی جوان دەستم بە دامان
ئەبێ جارێ تر تۆ بێی بۆ لامان
وتم من چی بکەم بەھانەم نییە
ئێرە زۆر دوورە ھاتوچۆ نییە
وتی چەن مەڕێ یا دوو پیرە گا
بنێرە ئێرە با لەوەڕ بخوا
ئەمجا ھەر ھەفتە بیانووت ئەبێ
بەو واسیتەوە ھاتوچووت ئەبێ
ھەتا باسی کەم دەردم گرانە
بیری لێ بکەم چاو لە گریانە
ھەر وەکوو مەجنوون ڕووم کردە ھەردە
ئەمدا بەسەردا وەک برا مەردە
ڕۆژ و شەو لە داخ تا ماوەی یەک ساڵ
لە داخا دائیم سەر خۆش و عەبداڵ
چەن بێتە یادم ھەناسەی گەردوون
گەردەلوول ئەکا بۆ چەرخی گەردوون
ئارامم نەما ھەر وەکوو فەرھاد
شەو و ڕۆژ پیشەم ھەر داد و فریاد
لوتفی با بەس بێ کولانەوەی برین
دەردت گرانە بڕێژە ئەسرین
لە سەفەرێکدا بۆ ناوچەی قەرەداخ
١٩٣٥

پەراوێز edit