شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: ڕۆژێ چوومە دەر بە عەزمی گەڕان سەبارەت: نە لەیل نە شیرین ڕۆژێ چوومە دەر بە عەزمی گەڕان کەوتە بەر چاوم شۆخێکی جوان نازکی خاڵ و کوڵمە ئاڵەکەی نە لەیل نە شیرین نە وەک خەرامان لە ناکاو کە دیم عەقڵ و ھۆشی برد دڵ و دەروونی کردمە بوریان پەنجا ساڵ عومرم ھەبوو تەواوی ھات گەڕایەوە بۆ چواردە ساڵان پیری و زویری خۆی لێم شاردەوە چوومە سەر بیری گەنجێکەی جاران کردە و عیبادت لە دەوری چل ساڵ بە یەک دەقیقە گشت چوو بە تاڵان بە فکر و عەقڵ زۆرم لێک داوە شۆخی وام نەدی لە دەوری دەوران قەد و قامەتی وەک سوورە چنار ڕەنگ و ڕوخساری سەوڵی خەرامان دوو چاوی ھەبوو زوھرە و موشتەری جەرگی عاشقیان ئەکرد بە بوریان لە گفتوگۆی ئەو خەیاڵ ئەفڕێ ددان وەکوو دوڕ لێو وەکوو مەرجان لە بەدبەختی من پیری بێ تاقەت موبتەلای کردم بە شین و گریان حەسرەتی دڵ و ھەناسەی سەردم بە سەرما ڕژا دەردی بێ دەرمان کەوتمە گێژی بەحرێکی بێ پەی ئومێدی نەجات نییە لە جیھان چونکە نازانی لوتفی چ کارە ھەر خەفەت بخوا تا ئاخر زەمان ++++++++++++++++++++++