وای پەشیمانم لەداخی کردەوەی نەحس و خراپ
دڵ ئەناڵێنێ لە ترسا ھەروەکوو چەنگ و ڕوباب
جسم و جانم تێک شکاوە تاقەتی وا لێ بڕا
ڕوو لە ئاخیر وا ئەڕۆم و نیزیکە ڕۆژی حیساب
مەزرەعەی گوناھی من حەد و حیسابی قەت نییە
کاکە چی بکەم من لە تاوی مەحشەر و ڕۆژی عەزاب
ھەڵسە زوو بە تاکوو ماوە پێنج و دوو ڕۆژی عومر
تەوبەیێ ڕاستی بکە و ھەم ڕوو کەرە دەرگەی سەواب
پشت لە دونیا کە ھەژار تازە بە تۆ چی موڵک و ماڵ
پارەیەکی بۆ نەکرد ئەسکەندەر و ئەفراسیاب
چۆن بە بێباکی و سەفاھەت ڕات بوارد عومری عەزیز
تازە ڕۆیی چوو لە دەستت عومری گەنجی و شەباب