ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١١٦. وای کە ڕوو زەرد و زەلیل و ماڵ وێران بەد حاڵە خۆم
وای کە ڕوو زەرد و زەلیل و ماڵ وێران بەد حاڵە خۆم
بێ سەمەر عومری عەزیزی تەڵخی ترش و تاڵە خۆم
دائیمەن ھەر وەک سەماوەر جۆش ئەخوا خوێنی دڵم
بۆ ھەناوی زۆر سووتاوی ئاگر و زووخاڵە خۆم
سەیلی ئەشکم ھاتە خوارێ تێکی دا بینای دڵ
ھێرشی مردن کە ھات و من لە سەر کەنداڵە خۆم
گەرچی ئەووەڵ حورمەت و ئیقباڵێکی چاکم ھەبوو
عاقیبەت ڕووت و قەلەندەر بێ کەس و عەبداڵە خۆم
مودەتێ مانەندی قومری نەشئە و شەوقم ھەبوو
گەرچی ئیمڕۆ لار و خوار و عەینی ھەر وەک داڵە خۆم
خاوەنی نوتق و زەکا بووم دەنگی خۆش و چاوی گەش
ئیمڕۆ ئەمبینی کە کوێر و کەڕ و گێژ و لاڵە خۆم
حاسڵی گشت جەستەکەم پڕ دەردەسەر تاکوو قەدەم
چی بەیان کەم زۆر پەرێشانم لە ناو ئەم چاڵە خۆم
بە سەفاھەت ڕاتبووارد عومری عەزیزت ئەی ھەژار
ھەر بڵێ «واحەسرەتا» داماوی ڕۆژ سوئالە خۆم
چی ئەکەی لوتفی لە تەگبیر ھاتە پێش حوکمی جەزا
چارەیێ بۆ خۆت بدۆزە تەوبە بێ لەم حاڵە خۆم

پەراوێز edit