ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٠٨. مژدەیان داوە ئیمڕۆ بوھارە
مژدەیان داوە ئیمڕۆ بوھارە
چیم لەو مژدەیە بۆ من زینھارە
لەم جێگەی شادی و بەزم و پێکەنین
بەشی من ھەر غەم مەینەت و قارە
زۆر خۆشەویست بووم لای دۆستانی زووم
ئێستاکە بێ عەیب گشت لێم بێزارە
حەپسم بە تەنھا لە کونجی تاریک
قسە و گفتوگۆم لای عالەم عارە
دڵ وا خۆش ئەکەم دانیشتووی شارم
شار و دێی بۆ من کونجی مووغارە
چیا و دەشت و دەر بە گوڵ ڕازاوە
چریکەی بولبول نەغمەی دڵدارە
من پیر و زویر لە خەڵوەتی غەم
دڵ برینداری تیری ڕۆژگارە
عالەم لە خۆشی و کەیف و سەیرانە
تەنھا من نەبێ ھەر بارم خوارە
لوتفی گشت ئەڕوا خۆشی گەر تاڵی
ھەر کردەی چاکە ئەمێنێ و دیاری

پەراوێز edit