ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٠٧. مووی ڕوخسار سپی عومرم تەواوە
مووی ڕوخسار سپی عومرم تەواوە
چاوان کەم بینا پشتم چەماوە
ئەژنۆ ئەلەرزێ ھێزیش نەماوە
خانەی شادیش یەکسەر ڕووخاوە
دەبا شیوەن کەم ھەتاکوو ماوم
خوێن وەک ڕۆخانە بڕوا لە چاوم
ڕەفێقم ڕۆیشت من بەجێ ماوم
ئایا چ داوێک بۆم دانراوە
باری گوناھم لە خۆم کردوە بار
ناڵەی دەروونم وەک ھەوری بەھار
بێ ئاگا لە چەرخ گەردوونی ڕۆژگار
نازانم چی بکەم چیم لێ قەوماوە
لە تاو تەماع و حیرسی دونیای ڕوون
قەت ڕازی نابێ بە بوون و نەبوون
بێ خەبەر ماوم لە کردەی گەردوون
سینەم بۆ ھەدەف بە دەس بەڵاوە
یەکجار نزیکە ھەنگاوی مەرگم
قولابی ئەجەل سەرکاتە جەرگم
کفن باڵا پۆش ببێتە بەرگم
عومریش لە حەفتا ئەڕوا بەو لاوە
خودا قەترەیی لە بەحری ڕەحمەت
بە شەرافەتی شەفیعی ئومەت
ببارێتە سەر بەندەی بێ قیمەت
بەڵکوو دەر باز بم لەناو قوڕاوە
ئەمجا تۆ لوتفی ڕوو لە خودا کە
تەرکی عینوان نەفسی و ھەوا کە
عومر سەرف کە لە کردەی چاکە
ئومێد قایم کە بە ڕەحمی خواوە

پەراوێز edit