شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: مژدەیان داوە ئیمڕۆ بوھارە مژدەیان داوە ئیمڕۆ بوھارە چیم لەو مژدەیە بۆ من زینھارە لەم جێگەی شادی و بەزم و پێکەنین بەشی من ھەر غەم مەینەت و قارە زۆر خۆشەویست بووم لای دۆستانی زووم ئێستاکە بێ عەیب گشت لێم بێزارە حەپسم بە تەنھا لە کونجی تاریک قسە و گفتوگۆم لای عالەم عارە دڵ وا خۆش ئەکەم دانیشتووی شارم شار و دێی بۆ من کونجی مووغارە چیا و دەشت و دەر بە گوڵ ڕازاوە چریکەی بولبول نەغمەی دڵدارە من پیر و زویر لە خەڵوەتی غەم دڵ برینداری تیری ڕۆژگارە عالەم لە خۆشی و کەیف و سەیرانە تەنھا من نەبێ ھەر بارم خوارە لوتفی گشت ئەڕوا خۆشی گەر تاڵی ھەر کردەی چاکە ئەمێنێ و دیاری ++++++++++++++++++++++