نازانم مامە حەمە بۆ چی وا بێ خەبەری
تەدارکت حازرە مەعلووم لەسەر سەفەری
سەفەرەکەت زۆر دوورە بۆ چی ڕێگە نازانی
ئەحواڵیش ھیچ ناپرسی خۆتیش وا بێ خەبەری
شەو و ڕۆژ ڕاناوەستی لە کەسبی دونیایی دوون
سەعاتێ غافڵ نابی لە غەم و دەردەسەری
بۆ تەماع زۆر گوێت سووکە چونکە زەرەرتە کاکە
بەڵام زۆر کەڕ و بێ گوێی لە قسەی پێغەمبەری
ئیمڕۆ سبەینێ ئەڕۆی بۆ ڕێگەی ئاخیرەت
ڕوو لە گۆڕستان ئەکەی بێ کەس و قەلەندەری
چارە و دەرمانت ناکرێ بە ماڵ و مناڵ و ژن
ئەوجا پەشیمان ئەبی ئەڵێی خاکم بە سەری
عومرت وا لە حەفتایە پات لە ھەشتا داناوە
تازە دووکان دائەنێی تەمای میوە و سەمەری
دونیات لەدەس چوو مەعلووم خەفەت بۆ ئەو لا بخۆ
لەسەر ئەم ئەحواڵە بی یەقین ئەھلی سەقەری
ئەم قسانە تۆ ئەیکەی لوتفی بۆ مامە حەمە
وا ئەزانێ کە بایە ئەدا لە تەوقی سەری