نیگای ئەو شۆخە عەیارە، دڵی کردووم بەسەد پارە
دەروونم پڕ لە ئازارە، لەتاو ئەو لێوە گوڵنارە
لە عەشقی ئەو پەری زادە، برۆی وەک شێری جەللادە
دڵم غەمگین و بەربادە، کە زوڵفی چەشنی ڕەشماڵە
دەمی غونچەی بوھارستان، لە دووری یاری چاو مەستان
ھەمیشە پایز و زستان، کە پیشەم شین و ھاوارە
گرانە دەردی دڵ بەخوا، وەکوو مەجنوونی بێ پەروا
بە دائیم وێڵ و بێ مەئوا، ھەمیشە شێت و پەستیارە
سەرم سوڕماوە لەم بەختە، برینی دەردەکەم سەختە
ژیانم تاڵە لەم وەختە، چ شۆخێ نەحس و غەدارە
ئەم شۆخە شیرین قەدەمە، بۆ من کە مایەی ماتەمە
دائیم لە جەور و ناڵەمە، لە بۆ ئەو چاوە بە خومارە
نەماوە خواردن ھەم خەوم، بێ ڕاحەتە ڕۆژ و شەوم
ھەر باسی تاڵی ئەژنەوم، لوتفی لەم ژینە بێزارە