ئەی قژزەرد! ئەی بەژن و باڵا کەڵەگەت! 
بۆ کز ڕاوەستاوی بەرامبەری من؟ 
بۆ دەستت ناوەتە ژێر چەنەی خەفەت، 
لە عاستی دیمەنی دەربەدەریی من؟ 
***
ئەو چاوە کاڵانەت نیگای دەربەست بوون
لەبەرچی ئەگرنە گرفتاریی من؟ 
سرنجت ڕووی دەمی پرس کردنی ڕوون
ئەکاتە کەلەپچەی دەستی دیاریی من؟ 
***
ئەبینم: پەپوولەی نیازی گفتوگۆ، 
دوودڵ ڕاوەستاوە لە سەر گوڵی لێو: 
ئاخ، خۆزگە هەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ
ڕاسپێریی چی پێیە بۆ گیانی پەشێو؟ 
***
ئەی قژزەرد! بە بەژنی ناودەرگاگرتووت، 
هەروەکوو پەیکەری شۆخی خەم خواری! 
مەلێ بووم لە باخچەی هونەرا بێ جووت، 
بۆ جوانیم ڕێک ئەخست شیعری دڵداری! 
***
بەڵام ئەهرەمەنی گەڵای باخ سیس کەر
بێزارە لە جووکەی دەنووکی کوردی؛ 
ڕاوکەری دارستان لە باڵدار پیس کەر
جێی چینەی لێ تەنیم بە داوی وردی... 
***
وا ئێستا ئەبینی گیرۆدەی داوم؛ 
لە بەردەم جوانێکی وەک تۆی دڵ نەرما، 
لەگەڵ «گارد» لە «پاس»دا ڕاوەستێنراوم، 
تا داخی گرانتر خول با لە سەرما! 
***
ئەی قژزەرد، ئەی گەردن بە ناز لارگرتوو، 
دیوێکم لە پاسا تۆی، دیوێک باخە؛ 
ئەکەمە هەچ دیوێک نیگای ئارەزوو: 
بۆ گیانی «قەفەسی»م سەرچاوەی ئاخە! 
***
بۆ لای باخ ئەڕوانم: بەهار وەک پەری
فستانی گیا و گەڵای سەوزی پۆشیوە؛ 
زەرد و سوور گوڵباخی داوە لە سەری؛ 
ئارەقی سەر کوڵمی دڵۆپی زیوە! 
***
بۆ لای تۆ ئەڕوانم، قژزەردی نازدار، 
ئەبینم دوو چاوی ناو ڕیزی برژانگ
پرشنگێک ئەگرنە نیگای گرفتار، 
نەمدیوە لە گۆمی بەر تریفەی مانگ! 
***
پرشنگی نیگایەک کە لە ڕووی ڕووناک
هەڵئەستێ و تیژ ئەکشێ تا ناخی دەروون، 
کڵپەی نوێ ئەخاتە کوورەی عەشقی پاک
دەفری گیان لیپ ئەکا لە خۆزگەی بەربوون! 
***
بەڵام ئاخ، دوو گاردی چاو لێم داپچڕاو
چەپ و ڕاست وەستاون بۆم دوشمنانە، 
کەلەپچەی لە دەسما تون کلیل دراو
نیشانەی ڕێگامە کە بۆ زیندانە! 
***
هەر ئەوەم لە دەست دێ، هەتا ئەتوانم، 
ئا لەم هەڵوێستەدا، هەل بە کار بێنم؛ 
وەک تینووی چاو لە ئاو بە کوڵ بڕوانم؛ 
ئەو چاوەی تێم بڕییت نەیترووکێنم، 
***
بۆ ئەوەی بتوانم لە پەردەی بیرم
نیگارێ هەڵکەنم شێوەی لێت بچێ؛ 
تا هەرچەن گازی گرت لە لەش زنجیرم
ئازارم سووکتر کا خەیاڵی کچێ: 
کە شۆخەو قژزەردە و باڵا ڕێک و بەرز، 
خەم خواری نەناسە وەک فریشتەی عەرز!