شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / دەنگی دەروون سەرناو: دوا سرنج سەبارەت: بۆ قژزرەدی بەردەرگا، لە سەرەڕێی بەندیخانەما لە مووسڵەوە بۆ هەولێر ئەی قژزەرد! ئەی بەژن و باڵا کەڵەگەت! بۆ کز ڕاوەستاوی بەرامبەری من؟ بۆ دەستت ناوەتە ژێر چەنەی خەفەت، لە عاستی دیمەنی دەربەدەریی من؟ *** ئەو چاوە کاڵانەت نیگای دەربەست بوون لەبەرچی ئەگرنە گرفتاریی من؟ سرنجت ڕووی دەمی پرس کردنی ڕوون ئەکاتە کەلەپچەی دەستی دیاریی من؟ *** ئەبینم: پەپوولەی نیازی گفتوگۆ، دوودڵ ڕاوەستاوە لە سەر گوڵی لێو: ئاخ، خۆزگە هەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ ڕاسپێریی چی پێیە بۆ گیانی پەشێو؟ *** ئەی قژزەرد! بە بەژنی ناودەرگاگرتووت، هەروەکوو پەیکەری شۆخی خەم خواری! مەلێ بووم لە باخچەی هونەرا بێ جووت، بۆ جوانیم ڕێک ئەخست شیعری دڵداری! *** بەڵام ئەهرەمەنی گەڵای باخ سیس کەر بێزارە لە جووکەی دەنووکی کوردی؛ ڕاوکەری دارستان لە باڵدار پیس کەر جێی چینەی لێ تەنیم بە داوی وردی... *** وا ئێستا ئەبینی گیرۆدەی داوم؛ لە بەردەم جوانێکی وەک تۆی دڵ نەرما، لەگەڵ «گارد» لە «پاس»دا ڕاوەستێنراوم، تا داخی گرانتر خول با لە سەرما! *** ئەی قژزەرد، ئەی گەردن بە ناز لارگرتوو، دیوێکم لە پاسا تۆی، دیوێک باخە؛ ئەکەمە هەچ دیوێک نیگای ئارەزوو: بۆ گیانی «قەفەسی»م سەرچاوەی ئاخە! *** بۆ لای باخ ئەڕوانم: بەهار وەک پەری فستانی گیا و گەڵای سەوزی پۆشیوە؛ زەرد و سوور گوڵباخی داوە لە سەری؛ ئارەقی سەر کوڵمی دڵۆپی زیوە! *** بۆ لای تۆ ئەڕوانم، قژزەردی نازدار، ئەبینم دوو چاوی ناو ڕیزی برژانگ پرشنگێک ئەگرنە نیگای گرفتار، نەمدیوە لە گۆمی بەر تریفەی مانگ! *** پرشنگی نیگایەک کە لە ڕووی ڕووناک هەڵئەستێ و تیژ ئەکشێ تا ناخی دەروون، کڵپەی نوێ ئەخاتە کوورەی عەشقی پاک دەفری گیان لیپ ئەکا لە خۆزگەی بەربوون! *** بەڵام ئاخ، دوو گاردی چاو لێم داپچڕاو چەپ و ڕاست وەستاون بۆم دوشمنانە، کەلەپچەی لە دەسما تون کلیل دراو نیشانەی ڕێگامە کە بۆ زیندانە! *** هەر ئەوەم لە دەست دێ، هەتا ئەتوانم، ئا لەم هەڵوێستەدا، هەل بە کار بێنم؛ وەک تینووی چاو لە ئاو بە کوڵ بڕوانم؛ ئەو چاوەی تێم بڕییت نەیترووکێنم، *** بۆ ئەوەی بتوانم لە پەردەی بیرم نیگارێ هەڵکەنم شێوەی لێت بچێ؛ تا هەرچەن گازی گرت لە لەش زنجیرم ئازارم سووکتر کا خەیاڵی کچێ: کە شۆخەو قژزەردە و باڵا ڕێک و بەرز، خەم خواری نەناسە وەک فریشتەی عەرز! ++++++++++++++++++++++