ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
دیاریی خوای شەڕ: خەشمە و قینە،
دوشمنییە و ڕقە و کینە،
بەدخواهییە و نیهادی پیس:
باری لێکدانەوەی ئیبلیس!
دیاریی خوای شەڕ: پڕ بە دڵ ترس
یەک زمان و سەد هەزار پرس؛
گومان لە ڕاست، بەڵام باوەڕ
بە درۆ: «ئاخ، دیاریی خوای شەڕ!»
دیاریی خوای شەڕ: ڕەنجە و ئازار،
مەرگی لەشکر، وێرانیی شار؛
بۆ دایک: تاقانە کوشتن،
بۆ کۆرپەی ناز: هەتیو خستن!
خوای شەڕ ئینسان لە هاوجینسی
ئەکا بە گورگێکی برسی؛
ئاگر، قورقوشم، غازی خنکێن
ئەداتە دەستی و پڕ لە جوێن
ئەکا دەمی و پێی ئەڵێ: عەرش!
بۆ بن دەریای تاریک و ڕەش
بۆ ناو هەور و برووسکەی بەرز،
بۆ جێی دووردوور لەسەر ڕووی ئەرز...
عەرش! وەک دڕندە، وەک هار عەرش!
دنیا ڕەنگ کە بە خوێنی گەش!
پەلامار دە، دەستوبرد کە،
بگرە، ببڕە، بدڕە، ورد کە:
قەڵا، تەلبەن، شوورا، سەنگەر؛
حەیوان، ئینسان، شاری، عەسکەر،
ژن، پیاو، پیر، جوان، دەست، قاچ، سنگ، سەر...
پێشێل کە هەرچیت دێتە بەر!
بێ سووچ بکوژە، سەربەست دیل کە،
دەرگای مێشک و دەم کلیل کە،
کۆمەڵ برسی، وڵات لات کە،
نەخۆشیی زۆر، دەرمان قات کە،
قوتابخانە، بیمارستان،
کۆگای فەن کردی کۆن و جوان
شوێنی بەکەڵک گشت خاپوور کە،
بنچینە و بان خوار و ژوور کە!
دەزگای شارستانی تێک دە:
ئەمڕۆ ڕۆژی مەحشەر لێک دە!

پەراوێز edit