ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
بە سووڕێکی تر ئەستێرەی ئینسان گر،
قەومی کۆنی خستەوە جەژنی ئاگر،
کام قەومی کۆن، کام جەژنی بەرز و پیرۆز؟
قەومی مادی! جەژنی بڵندی نەورۆز!
ئەو نەورۆزەی کە هەزاران بەهارە،
لە دێی کوردا گڕی ئاگری دیارە،
باوباپیرمان، هەتا ئەڕۆن پشتاوپشت،
لەم ئاگرەیان دەورە داوە، چین چین، گشت!
لە چواردەوری ئەم ئاگرە: ڕەنگاوڕەنگ
کۆڕ گیراوە، بە پێکەنین و ئاهەنگ؛
بانگی شێوان هەتاکوو بەربەیانی،
چۆپی بووە و بەزم و نۆش و گۆرانی!
لەوسایەوە، تا ئێستاکە بەم چەشنە:
هەموو سەری ساڵی تازەمان جەژنە؛
میوانی کۆن بەڕێ ئەکەین و تازە،
بە پێکەنین ئەگاتە بەر دەروازە!
خۆشیت هێنا و فەڕت هێنا و شیرینی...
تۆ بۆ ئێمە بەهەشتی خەوبینینی!
بە هاتنت بای بەستەڵەک، بەفری دەشت،
گیانی سپارد؛ گوڵی ڕوا جێگای گەشت
لە تاریکی، لە چواردیواری زستان،
سەرفەراز بیت، سەرفەراز بوو مەلی گیان!
ئێستا - ئۆخەی! - ئاسمانێکە و هەتاوێ،
گیایە و گوڵە و مەلە و خوڕەی چەماوێ
چی خۆشترە لەوەی تەبیعەت جوان بێ؟
ماوەی سرنج پاناییی گشت ئاسمان بێ؟!
گیانی سەرمەست، باڵداری ڕێی هیوا بڕ،
بەرز بێتەوە بە پەڵەی هەور بدا دڕ؛
بفڕێ، بڕوا بۆ کوردستانی ئاوات،
ماندوو نەبێ، هەر بڕوات و هەر بڕوات
هەتا ئەگاتە لووتکەی شاخی سەربەست،
بێ زنجیریی گەل ئەبینێ و ئەبێ مەست!

پەراوێز edit